ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی بارانبارین ده‌ستیپێكرد

14/09/2019 - 15:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی ئاماده‌كاریه‌كان بۆ وه‌رزی بارانبارین ده‌ستپێده‌كات، جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانیش داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی هاوڵاتیان ده‌كات.


ئاكۆ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی ڕایگه‌یاند، "له‌ئێستادا سه‌رجه‌م چاڵی‌ و چۆڵیه‌كانی شه‌قامه‌كان له‌لایه‌ن شاره‌وانی سلێمانیه‌وه‌ چاككراونه‌ته‌وه‌".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و كه‌میه‌ته‌ قیرو گازه‌ی هه‌مانه‌، تیمه‌كانی‌ شاره‌وانی به‌رده‌وامده‌بن له‌قیرتاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌قامانه‌ی پێویستیان به‌چاككردن هه‌یه‌، كاركردن به‌رده‌وام ده‌بێت تائه‌وكاته‌ی‌ بارانبارین ده‌ستپێده‌كات".

وتیشی:"له‌هه‌فته‌ی ڕابردوه‌وه‌ تیمی خزمه‌تگوزاری و به‌شی ئالیات، ده‌ستیانكردوه‌ به‌پاككردنه‌وه‌ی پرده‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی مه‌ترسی لافاویان له‌وه‌رزی بارانباریندا له‌سه‌ره‌".

ناوبراو بۆ سایتی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ تیمی ئاوه‌ڕۆ ده‌ست به‌پاككردنه‌وه‌ی مه‌نهۆڵه‌كان ده‌كه‌ن و داوا له‌هاوڵاتیانیش ده‌كه‌ین له‌به‌رده‌م ماڵی‌ هه‌ركه‌سێك مه‌نهۆڵ هه‌یه‌ پاكی بكاته‌وه‌و ئه‌وه‌شی به‌چیمه‌نتۆ له‌به‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی بۆن له‌وه‌رزی هاویندا سه‌ری مه‌نهۆڵه‌كانیان گرتوه‌، لای ببات".