شەنگال... كچی هونەرمەندێكی ئێزیدی خۆی دەكوژێت

14/09/2019 - 16:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كچێكی تەمەن 18 ساڵی ئێزیدی لە ماڵی خۆیاندا لەژورەكەیدا دوای گەڕانەوەی لە جەژنی جەما خۆی هەڵدەواسێت و كۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

 

خەڵەف باپیر، باوكی هەیام كە خۆی هونەرمەندە و بۆ گۆرانی وتن بۆ ئاهەنگەكە بانگهێشتكرابوو ڕایگەیاند: هەموو خێزانەكەمان رۆیشتین هاوسەرو هەموو منداڵەكانم برد، تا كاتژمێر هەشتی شەو لەوێ ماینەوە و دواتر گەڕاینەوە بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ كێشەیەك بكەین، بەرەبەیانی هەینی كاتێك زانیمان كچەكەم لە ژورەوە بەپەت خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە.


هەڵۆ شەمۆ، دایكی هەیامیش ڕایگەیاند: كچەكەم زۆر ئاقڵ و بێدەنگ بوو، نەمبیستووە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس هەبێت هەستناكەم كێشەی هەبوبێت بۆیە هیچ گومانێك نابەم بۆ ئەم رووداوە.

 

جەژنی جەما، بۆنەیەكی ئایینی پێكهاتەی ئێزدییە‌ و پێنجشەممە لە چەند مەزارگەیەكی ئەو پێكهاتەیە لە عیراق دەستیپێكرد، بەتایبەت لە قەزای شنگال لە نەینەواو بۆ ئەمساڵ، هەیام و خێزانەكەی چونە مەزارگەی پیری ئاورە لە شنگال و بەشدارییانكرد.