كاتی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ موچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكرێت

15/09/2019 - 15:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بانكی ناوەندی عیراق، ڕونكردنەوە لەبارەی ناردنی پارەكەی بەغدا بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات و بەڕێوەبەری لقی هەولێری ئەو بانكەش رایدەگەیەنێت: چاوەڕواندەكرێت لە 15 بۆ 20 ئەم مانگە پارەكە بگاتە هەرێم.

عابد ساڵح، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق، رایگەیاند: تائێستا هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ ناردنی پارەكەی بەغدا تایبەت بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە، بەڵام چاوەڕواندەكرێت پارەكە بۆ موچەی مانگی شەشی ئەمساڵ لە 15بۆ 20ی ئەم مانگە بگاتە هەرێمی كوردستان و لەو وادەیەدا تەمویلەكە بەئێمە بگات.

لەبارەی هۆكاری درەنگكەوتنی ناردنی پارەكەش لە رابردوودا، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی بۆ سایتی سلێمانی ڕونیكردەوە، دواكەوتنی ناردنی پارەكە لەمانگەكانی رابردوو، پەیوەندی بە دواكەوتنی نوسراوی تایبەت بە تەمویلی پارەكە هەبووە، یاخود بەهۆی ئامادە نەبوونی وەزیری داراییەوە بووە، كە واژوو لەسەر ناردنی پارەكە بكات، ئەوەش وایكردووە ناردنی پارەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت.