کۆمپانیایەکی دابەشکردنی نەوت کێشە دەخاتە نێوان پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی

16/09/2019 - 19:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لەسەر پێدانی مۆڵەتی دابەشکردنی نەوتی هاونیشتمانییان لەلایەن پارێزگارەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگی ناڕەزایەتی بەرزکردووەتەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەن دەڵێت "پارێزگار بێ کەمکردنەوەی ئاشکرا خۆکارانە مۆڵەتەکەی بە کۆمپانیایەک داوە".

ساڵانە دابەشکردنی بەشە نەوتی هاونیشتمانییان دەدرێتە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، پێدانەکەش بە کەمکردنەوەی ئاشکرا دەبێت و بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت، بەڵام رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، پارێزگاری سلێمانی بێ کەمکردنەوەی ئاشکرا ئەرکی دابەشکردنی بەشە نەوتی هاونیشتمانییانی بە کۆمپانیایەک داوە کە مۆڵەتی تەواو بووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکرد، "ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەو بڕیارەی پارێزگار رازی نییە و قبووڵی ناکات، دەبێ بە شێویەکی یاسایی و لە کەمکردنەوەی ئاشکرادا بدرێتە هەر کۆمپانیایەک کە زۆرترین سوودی بۆ حکومەت و خەڵک هەبێت".

هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند، لە رابردوودا گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیا کرابوو لەماوەی سێ ساڵدا سێ بەرمیل نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشبکات، بەڵام ئەو کۆمپانیایە تاوەکو ئێستا تەنها یەک بەرمیلی بە هاونیشتمانییانداوە و گرێبەستەکەشی تەواوبووە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرەڕای تێبینییەکان پێی باشە بە مەرج جارێکی دیکە کارەکان بەو کۆمپانیایە بدرێتەوە و دەڵێت: لەبەرئەوەی گرێبەست لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەکراوە و ئێستا کۆمپانیایەک نییە بۆ دابەشکردنی نەوت پشتی پێببەستین. لەگەڵ ئەوەی تێبینیمان هەیە لەسەری بەڵام پێمان باشە بۆ یەک جاری دیکە دابەشکردنی نەوت بدرێتەوە ئەو کۆمپانیایە، بەڵام بەو مەرجەی کارت، سیستەم، داتا، کارمەند و ئامێرەکانی بکرێنە موڵکی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزای سلێمانی.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەوەیان نەکردووە بە بڕیار، بەڵام بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی ئەگەر بیکەن بۆ حکومەت سەرمایەیەکی گرنگ دەبێت.