پارتی هەڵوێستەكەی ئاشكراكرد

16/09/2019 - 19:29 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پارتی ڕەتیدەكاتەوە، هۆكاربێت بۆ ئەنجام نەدانی كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ یەكێتی، بەرپرسێكی ئەو حزبەش هەڵوێستەكەیان سەبارەت بەدروستكردنی یەك لیستی لە كەركوك ئاشكرادەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ 16ی 9ی 2019، لەرێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبێكی شێخ سەلامی شاعیر، كە لەسلێمانی بەڕێوەچوو، ڕۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەلێدوانێكدا بۆ میدیاكان، هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر دروستكردنی یەك لیستی لایەنەكان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق ئاشكراكردو وتی:" پارتی لەدژی یەك لیستی نییە لەگەڵ ئەوەداین یەكڕیزی و هەماهەنگی تەواو لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت، تا هەمووان پێكەوە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە هەستیارە ببینەوە".

سەبارەت بەكۆبوونەوەی یەكێتی و پارتیش، ڕۆژ نوری شاوەیس وتی: "كێشەكان بەكۆبوونەوەیەك و دوو كۆبوونەوە چارسەر نابن، پارتیش هەمیشە دەرگای بۆ كۆبوونەوە كراوەیە، هۆكاری كۆنەبوونەوەشمان لەگەڵ یەكێتی، خەتای ئێمە نییە".