ڕێكخروای هەنگاو: لەماوەی 10 ڕۆژدا 7 كۆڵبەر بونەتە قوربانی

18/09/2019 - 12:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت: تەنها لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردودا 7 كۆڵبەر كوژاون و یان بریندار بوون كە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران بووە.

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایگەیاند: كۆڵبەرێكی دیكە لە سنوورەكانی سەردەشت ناوی (مەحیەدین مام خدری) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران برینداربووە ، وە لە ڕێكەوتی 6-9-2019 تا 16-9-2019، 7 كۆڵبەر لە سنورەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی كە 6 حاڵەتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران بووە.

 

هەروەها وتیشی: كۆڵبەرێكی لاوی خەڵكی پیرانشار بە ناوی (ئیدریس ڕەحیمی) كوڕی محەمەد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەكدارانی جێگیر لە پایگای میلان گیانی لە دەست داو، لەلایەكی دیكەوە دوو كۆڵبەر بە ناوەكانی (محەمەد هادی زادە) خەڵكی شاری قوتوور و (ئازاد نێعمەتی) خەڵكی سەردەشت بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران بریندار كراون.

 

ئاماژەی بەوەشدا: كۆڵبەرێكی دیكەی خەڵكی سەردەشت بە ناوی ”یوسف مستەفاپوور“ بەتەقەی ڕاستەوخۆی چەكدارانی ئێرانی بریندار كرا، ڕۆژی هەینیش، كۆڵبەرێكی خەڵكی پیرانشار بە ناوی (محەمەد ئەحمەدیان) بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەكدارانی ئێرانی بریندار و كۆڵبەرێكی خڵكی مەریوانیش بە ناوی (ڕەحمەت نادریان) بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بریندار بوون.