سلێمانی... بەتۆمەتی‌ هەڕەشەكردن لەخاوەنی‌ دوو پێشانگای‌ ئوتومبیڵ، كەسێك دەستگیركرا

18/09/2019 - 14:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بەتۆمەتی‌ هەڕەشەكردن لەخاوەنی‌ دو پێشانگای‌ ئوتومبیل كە هەڕەشەی‌ سەرانە وەرگرتنی‌ لێكردون، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە، ڕایگەیاند: پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن خاوەنی‌ دو پێشانگای‌ ئوتومبیل كە كەسێك لەڕێگەی‌ موبایلەوە هەڕەشەیان لێدەكات‌و داوای‌ سەرانەیان لێدەكات، بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا لێكۆڵینەوەكانی‌ بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی‌ تۆمەتبار دەستپێكرد.

 

ئەوەشی خستەڕوو: لەماوەیەكی‌ كەمدا توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت‌، هەروەها لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناو ئاماژەی‌ بۆ ئەوەكردووە كە لەكاتی‌ هەڕەشەكردنەكەدا بەرنامەی‌ مۆبایلی‌ بۆ گۆڕینی‌ دەنگی‌ بەكارهێناوە تا نەناسرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: تۆمەتبار ناوی‌ (س، م، ح)و لەدایكبوی‌ ساڵی‌ ١٩٩٤و لەئێستادا بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ ٤٥٢ لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوەو هەروەها لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباری‌ ناوبراو كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.