ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر بڕیارێک دەردەبڕێت

18/09/2019 - 15:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەردەبرێت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەحکومەتی ھەرێمیش رایدەگەیەنێت: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ھەردوو وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ ھەماھەنگی بکەن، بۆئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کشتوکاڵی دابنرێت، کە لەبەرژەوەندی جوتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتووکاڵییەکاندا بێت.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەحکومەتی ھەرێم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەماوەی ساڵانی رابردوودا بڕی ٢٢ ملیارو ٥٣٣ ملیۆن دینار دراوە بەجوتیاران و خاوەن پڕۆژی کشتوکاڵی لەھەرێمی کوردستان.

وتیشی: "کۆی سودمەندانی قەرزی کشتوکاڵی لەھەرێمی کوردستان، ٨٨٦٨ کەسە، لەسنووری پارێزگای ھەولێر ٣٦٥٧ کەس، لەسلێمانی ٢٥٦٨ کەس، لەدھۆک ١٨٩٢ لەئیدارەی ٣١٠ و لەراپەرین ٤٠١ کەس بووە".

راشیگەیاند: بەھۆی قەیرانی دارایی و رەوانە نەکردنی شایستەی دارایی جوتیاران لەبەغداوە وەک پێویست، حکومەتی ھەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بڕیاریدا بوو بەڕاگرتنی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە، بەڵام لەھەمانکاتیشدا پرسیارێکی زۆر دەکرێت لەبارەی شێوازی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە لەجوتیاران.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان وتی: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم پێشنیازێکی وەزارەتی کشتوکاڵی پەسەند کردو بڕیاریدا کە ھەردوو وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ ھەماھەنگی بکەن و میکانیزمێک دابنرێت بۆ شێوازی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە لەجوتیاران، بەشێوەیەک کە دڵنیاین لەبەرژەوەندی جوتیاراندا دەبێت".

وتیشی: "ئەو جوتیارانەی مامەڵەکانیان راگیرابوو لەئێستاوە دەتوانن مامەڵەکانیان دەستپێبکەنەوەو ھەوڵیش دەدەین لەداھاتوودا پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بەجوتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بەردەوامی ھەبێت".