بازگه‌كانی نێوانیان نوێده‌كه‌نه‌وه‌... گرژی ده‌كه‌وێته‌وه‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی 

19/09/2019 - 15:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای رێگریكردن له‌ محمود سەنگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ، یه‌كێتیش كاردانه‌وه‌ی نواند و رێگری له‌ به‌ پرسێكی پارتی ده‌كات .

ئەمرۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەمەبەستی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەرەو هەولێر بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە بازگەی گۆمەسپان رێگری لێدەكرێت.
بەرپرسانی بازگەكە داوای لێدەكەن" باشترە نەچێتە هەولێر"، هێزێكی زۆر لەو ناوچەیە كۆدەكرێتەوە بۆ رێگری لە مەحمود سەنگاوی، دەمەقاڵی دروست دەبێت لە نێوانیاندا، مەحمود سەنگاوی دەگەڕێتەوەو ناچێتەوە هەولێر.

ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و وته‌بێژی یه‌كێتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەهەولێرەوە رایگەیاند: ئەو كارە بە كارێكی دوور لە نەریتی پێكەوە ژیان لەهەرێمی كوردستان دەزانین و جێی قبوڵ نیە." دواتریش شاڵاو كۆسه‌ره‌ت ره‌سول به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له‌ به‌یانامه‌یه‌ك رایگه‌یاند "هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانەو ڕێگری كردن لە خەڵكی و تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی خەریكە دەبێتە دیاردە و هەرگیز مایەی قبوڵكردن نییەو دەبێ بنبڕ بكرێ."

له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م رێگریه‌ش به‌ پێێ زانیاریه‌كان ئه‌مڕۆ لە بازگەی تۆپزاوای کۆیە ڕێگری لە بەرپرسی ناوچەی کۆیەی پارتی کراوه‌.

سەرچاویەكی باڵای ئەمنی یەكێتیش به‌ درەو میدیا راگەیاندوه‌ " لەبەرامبەر رێگریكردن لە چوونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر، یەكێتیش رێگری دەكات لە هاتنی بەرپرسانی باڵای پارتی بۆ ناوچەی سەوز، بۆ ئەو مەبەستەش بازگەكان ئاگاداركراونەتەوە.


پێده‌چێت رێگریكرن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی له‌ لایه‌ن پاریته‌وه‌ كه‌ بچێته‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ بگه‌رێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا ناوبراو لێدوانێكدا رەخنەی توندی لە مەسعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گرتبوو و وتبووی "مەسعود بارزانی زۆر بچوكە"