حکومەتی هەرێم لەسەر دامەزارندن بڕیار دەدات

20/09/2019 - 07:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

حکومەتی هەرێم لە پلانی دەستبەجێیدا نییە کەس دابمەزرێنێت، تا بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادە دەکرێت،  دامەزراندنیش لە رێگای ئەنجومەنی باڵای راژەوە دەبێت.


بەپێی نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی حکومەتی لەسەرە، حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی لەبارەی فەرمانبەران و موچەخۆران و دامەزراندنەوە دەرکردوە.


لە نوسراوەكە، "داوا لە وەزارەتەکان کراوە داواکاری دامەزراندنیان بۆ نەنێردرێت تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانەدا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ڕاژەوە ڕێکدەخرێت، بەپێچەوانەوە ڕەتدەکرێتەوە".


هەر لەو نوسراوەدا، "حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە، کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ کاری تایبەت و هاوکاری دارایی بۆ هەر مەبەستێک ڕابگرێت و هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە قبوڵ نەکات".


حكومەتی هەرێم داوای كردوە ئەو فەرمانبەرانەی ماوەی یاساییان تەواو بوە، داواکاری بۆ پێشکەش نەکەن بۆ درێژكردنەوەی خزمەتی یاسایی.