به‌غدا هه‌نگاوێكی نوێی به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ستپێكرد

21/09/2019 - 11:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دەستەی سەرۆكایەتی "پەرلەمانی عێراق"، داوای لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق كردووە، وردبینی لە لیستی ناو و پارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بكات، په‌رله‌مانتارێكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، " بەپێی بودجە دەبوو حكومەتی ھەرێم لە مانگی شەشدا تەواوی ناو و ژمارەی فەرمانبەران و ھێزەكانی پێشمەرگەی بناردایە، بەڵام نەیناردووە".

 

بەشیر حەداد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاندوه‌، "لە كۆبوونەوەی ھەریەك لە وەزیرانی دارایی و نەوت و چاودێری دارایی عێراق و لیژنەكانی دارایی و نەوت و چەند پەرلەمانتارێك لەگەڵ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پرسی بودجە، چاودێری دارایی عێراق باسی لەوەكردووە، كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ھەرێم سەرقاڵی وردبینی ژمارە و لیستی فەرمانبەرانی ھەرێمن، ئەوەش كارێكی ئاساییە و حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، داوای ئەنجامی كارەكانی دیوانی چاودێری دارایی كردووە".

ناوبراو وتیشی: "ئەو داواكارییەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، رێوشوێنێكی ئاسایی و كارگێڕییە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە نووسراوەكەدا دیوانی چاودێری دارایی ناچار نەكردووە كە دەبێت چی بكات، یان چی نەكات، تەنھا بەدواداچوونێكی كارگێڕییە، دەنا ئێمە لەوێین ئاگامان لە شتەكان ھەیە".

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھەروەھا بوونی جیاوازی لە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە نێوان بەغدا و ھەرێمدا، بەشیر حەداد دڵنیایی ده‌دات و دەڵێت: "ئەوەی كە ھەرێم دەڵێت یەك ملیۆن و 200 ھەزار مووچەخۆرمان ھەیە، ئەوەی بەغداش كە باس لە 600 ھەزار فەرمانبەر دەكات ھەردووكیان تەواوە، ئێمەش دەڵێین ئەو ژمارەیە ھەمووی فەرمانبەر نین، جیاوازی ھەیە لە نێوان مووچەخۆر و فەرمانبەر، بەشێك لە مووچەخۆران زیندانی سیاسی و خانەوادەی شەھیدان و كەمئەندامانن، بۆیە لە بوونی جیاوازی ژمارە كێشەیەك دروست نابێت".

جەختیشیكردەوە: وردبینیكردن ھیچ كێشەیەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دروست ناكات، دیوانی چاودێری دارایی بە تەنھاش ناتونێت ھیچ شتێك بكات، سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی و لیژنەی پەیوەندیدار ھەیە ھەماھەنگی دەكرێت بەیەكەوە كاردەكرێت.

لای خۆشیه‌وه‌ شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە نووسراوەكەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ وردبینیكردنی لیستی ناوی فەرمانبەرانی ھەرێم له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی دواڕۆژ رایگەیاندوه‌: لە یاسای بودجە بڕگەیەكی تێدایە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی ھەڵدەستێت بە وردبینیكردنی ناو و ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان و تەواوی عێراق، نووسراوەكەش بەناوی حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە بڵاوکراوەتەوە.

وتیشی: بەپێی بودجە دەبوو حكومەتی ھەرێم لە مانگی شەشدا تەواوی ناو و ژمارەی فەرمانبەران و ھێزەكانی پێشمەرگەی بناردایە، بەڵام نەیناردووە، ئەوەش یەكێكە لە خاڵەكانی بودجە كە جێبەجێنەكراوە.