كرێی خوێندن له‌ زانكۆ ئه‌هلی و حكومییه‌كان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌

21/09/2019 - 11:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕیاریانداوه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ ئه‌هلی و حكومییه‌كان، ده‌شڵێت: " له‌ئێستادا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین، تاوه‌كو به‌ میكانیزیمێكی گونجاو له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا بڕیاره‌كه‌ بخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

 

ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  رایگه‌یاند: "له‌ كارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مدا باسمان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌سه‌رجه‌م زانكۆ ئه‌هلی و حكومییه‌كاندا كردووه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ خوێندكار وه‌رده‌گیرێت له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای دارایی خوێندكار نه‌گونجاوه‌ و زۆره‌".

 

 ئاشكراشیكردوه‌: "بڕیاریمانداوه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندنی زانكۆ ئه‌هلییه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش له‌ خوێندنی پارالێڵدا جێبه‌جێ ده‌كرێت".

 

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن ناوبراوه‌ به‌ دواڕۆژی وتوه‌ : " له‌ئێستادا سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی بابه‌ته‌كه‌ین، چه‌ند پێشنیارێكیش هه‌یه‌ بۆ چۆنیه‌تی كه‌م كردنه‌وه‌كه‌ی و دیاریكردنی بڕی پاره‌ی خوێندنی ساڵانه‌، بڕیاره‌كه‌ش له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێویستیشه‌ سه‌رجه‌م زانكۆكان پێوه‌ی پابه‌ند بن".