نوێترین زانیاری لەبارەی ڕەتكردنەوەی بژاردەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە

21/09/2019 - 15:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

فراكسیۆنی یەكێتیی لەبارەی ڕەتكردنەوەی بژاردەكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هاتەدەنگ، سەرۆكی فراكسیۆنەكەش لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، "گفتوگۆو دانوستانەكان بەردەوامن و هەرێم هەڵەیەكی گەورە ناكات".

بەگوێرەی بڵاوكردنەوەی ئەو زانیاریانەی لەمیدیاكان بڵاوكراوەتەوە، بەغدا سێ بژاردەی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەسەر بودجەو موچە ڕەتكردۆتەوە، ئەو بژاردانەش پێكهاتون لەڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەبەرامبەر دابینكردنی لە17%ی پشكی كورد لەبودجەی 2020و دانەوەی سەرجەم قەرزەكانی هەرێم بۆ ماوەی سێ ساڵ".

یەكێك لەمەرجەكانی دیكەش كە گوایە ڕەتكراوەتەوە لەلایەن عیراقەوە، هەرێم هیچ بڕە نەوتێك ڕادەستی عیراق نەكات بەغدا وەك ساڵی 2019 بەشێك لەموچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێرێت.

لەوبارەیەوە د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، "ڕەتكردنەوەی ئەو بژاردانە تەنها لەڕاگەیاندنەكان بڵاوكراوەتەوە، نە لەسەر زاری وتەبێژی حكومەت و نە لەلایەن یەكێك لەئەندامانی وەفدی دانوستانكار ڕانەگەیەنراوە، لەبەر ئەوە دورە لەڕاستیەوە".

وتیشی:"گفتوگۆكان لەنێوان هەردولا بەردەوامە، نیەتی حكومەتی هەرێمیش لەگەڵ وەفدی دانوستانكار بەوشێوەیە دەبێت بەجۆرێك گفتوگۆو ڕێكەوتن بكات لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت، گفتوگۆكانیش تا گەیشتن بەدەرئەنجامێك بەردەوامدەبێت، گومان لەوەدانییە هەرێم ئەو هەڵەیە گەورە ناكات كە حكومەتی عیراقی زوڵم لەموچەخۆرانی هەرێم بكات و بێدەنگ بێت و هەڵوێستی نەبێت".

ناوبراو بۆ تۆڕی سلێمانی ئەوەشی ڕونكردەوە، "لەكاتێكدا لەپرۆسەی سیاسیدان لەعیراقدا ئەوانیش بەردەوام لەهەوڵدان بۆ ئەوەی مافی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی كورد پارێزراوبێت، لەكاتێكدا ئەگەر بزانن تەجاوز بۆسەر هەرێم دەكرێت، ئەوانیش لەو حاڵەتەدا لەپرۆسەی سیاسی پاشەكشە دەكەن و نامێنن و فشارەكانیشیان بۆ سەر حكومەتی هەرێم دەبێت، بۆ ئەوەی جۆرێك لەتەنازول بكات لەپێناو پاراستنی مافی خەڵك".