نوێترین زانیاری لەبارەی قەدەغەكردنی كاری تاكسی لە فەرمانبەران

21/09/2019 - 18:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

جارێكی تر بڕیاری قەدەغەكردنی كاری شۆفێری تاكسی لە بەشێك لە فەرمانبەران و هێزەكانی ناوخۆو پێشمەرگە دوادەخرێت، سەرۆكی سەندیكای شۆفێرانیش لەسلێمانی رایدەگەیەنێت: هەركاتێك سیستمی بایۆمەتری تەواوبوو، بڕیارەكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

جەلال ئەبوبەكر، سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لەسلێمانی ڕایگەیاند: بڕیاری قەدەغەكردنی كاری تاكسی لە بەشێكی موچەخۆران و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە، بەستراوەتەوە بەتەواوكردنی سیستمی بایۆمەتری موچەخۆرانەوەو هەر كات ئەو سیستمە بەكۆتا هات، دەست بەجێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكرێت.

ڕونیشیكردەوە، لەئێستادا سیستمی بایۆمەتری لەچەند قەزاو ناحیەیەكدا كۆتایی هاتووەو لەدوای تەواوبوونی سیستمەكە لەسەرجەم شارەكانی هەرێم، كار بە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت و كاری شۆفێری تاكسی لەسەرجەم هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەو فەرمانبەرانی سەروو پلە 6 قەدەغە دەكرێت.

لەبارەی دروستكردنی لۆگۆكان و جیاكردنەوەی ئۆتۆمبێلی تاكسی ناوشارو دەرەوەی شار، سەرۆكی سەندیكای شۆفێران بۆ تۆڕی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد تائێستا لۆگۆكان تەواو نەكراوەو ئەوەش وەستاوە لەسەر بوونی بودجەی پێویست بۆ دروستكردنی ئەو لۆگۆیانە.