لە سۆران نۆ هەزار قوتابی زیادیان کردووە، بەڵام یەک قوتابخانە دروستنەکراوە

22/09/2019 - 08:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، کێشەکانی خوێندن، خوێندکاران و مامۆستایان جارێکی دیکە دەبنە مژار، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆرانیش رایدەگەیێنێت، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو نۆ هەزار قوتابی لە سنوورەکەیان زیادیان کردووە، بەڵام هیچ قوتابخانەیەکیان بۆ دروستنەکراوە.

بە گوتەی عەزیز سەعید مەلا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران کە بۆ رووداو قسەیکرد، بۆ چارەسەرکردنی زۆری قوتابی پێویستیان بە 35 قوتابخانەی نوێ هەیە.

عەزیز سەعید مەلا راشیگەیاند "لە سنووری قەزای سۆران 300 قوتابخانەی حکومی و 22 قوتابخانەی ناحکومی هەن، 80 لەو قوتابخانە حکومییانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، لەنێو سەنتەری سۆران قوتابخانە هەیە لە کەرەڤانە دروستکراوە و زیاتر لە 400 قوتابی تێیدا دەخوێنن".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەرگای وەرزی خوێندنی 2019 - 2020ـیان بەرووی قوتابیان کردەوە.