مه‌ترسییه‌كی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ 2020ئاشكراكرا

22/09/2019 - 09:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

په‌رله‌مانتارێكی‌ عه‌ره‌ب له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێدراوه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌دات و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی‌ ڕاده‌ست بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ راده‌ستی به‌غدا نه‌كردوه‌ و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌مشێوه‌ی‌ ئێستا به‌رده‌وام بێت چاوه‌ڕوانده‌كرێت بۆ ساڵی داهاتوو بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕێت و گۆڕانكاری له‌پشكی‌ هه‌رێمیش بكرێت.

كاتع ركابی په‌رله‌مانتاری‌ شیعه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران  ڕاگه‌یاند:بابه‌تی‌ دیاریكردنی‌ پشكی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌یاسای بودجه‌ی‌ 2020ی عیراقدا په‌یوه‌سته‌ به‌و دانوستانانه‌ی‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ گفتوگۆ و راگۆرینه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستیپێكردووه‌.

راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا نه‌حكومه‌تی‌ فیدراڵ نه‌شه‌قامی عیراقی ڕازی نین هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی‌ خۆی بفرۆشێت له‌رێی به‌نده‌ری‌ جه‌یهانه‌وه‌ پێشتریش رێكه‌وتن كراوه‌ و له‌ یاسای بودجه‌شدا ئاماژه‌ به‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم كراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ راده‌ستی حكومه‌تی‌ فیدراڵ نه‌كردووه‌.

ئاشكراشیكرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌مشێوازه‌ی‌ ئێستا بمێنێته‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی‌ راده‌ست نه‌كات، بارودۆخه‌كه‌ بۆ ساڵی داهاتوو به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا كه‌ هه‌یه‌ ده‌گۆڕێت و گۆڕانكارییش له‌ پشكی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ عیراق یه‌كێك ده‌بێت له‌بژارده‌كان.