هەرێم ڕێگاچارەیەك بۆ سەرژمێریی پێشنیار دەكات

22/09/2019 - 09:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئێمە هەست بە مەترسی دەكەین هەم بۆ سەر كورد و هەم بۆ سەر برا توركمانەكان، بۆیە رێگاچارەیەك بۆ سەرژمێریی پێشنیار دەكەین كە خزمەتی هەمووان دەكات.

 

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: سەبارەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، ئێمە هەست بە مەترسی دەكەین هەم بۆ سەر كورد و هەم بۆ سەر برا توركمانەكان چونكە ئەگەر بگەرێینەوە مێژووی سەرژمێریی لە عێراق تەنیا كورد و توركمان كاریان لەسەركراوە كە ژمارەیان كەم بكرێتەوە لەو شوێنانەی كە لە دانیشتوانە رەسەنەكانن، بۆ نموونە لە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا كورد لە كەركووك نزیكەی سەدا ٥٠ بووە و توركمان نزیكەی سەدا ٢٣ بووە، لە سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧ كە بەبێ هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، رێژەی كورد لە ٥٠ لەسەدەوە بووەتە ٢٠ لەسەد، رێژەی توركمان لە ٢٣ لەسەدەوە بووەتە ٦ لەسەد، لەبەرامبەریشدا رێژەی عەرەب لە ساڵی ١٩٥٧ كە ٢٧ لەسەد بووە، لە ساڵی ١٩٩٧ بووەتە سەدا ٧٢".

 

دارا رەشید كە بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند، ووتیشی: تەنیا هەر كورد هەست بەو مەترسییە ناكات، بەڵكو توركمان و مەسیحیی و كلدانەكانیش هەستی پێ دەكەن، چونكە دوای شەڕی داعش گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی بەسەر هەندێك ناوچەدا هاتووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیر بكەین رەنگە سەنتەری شاری مووسڵ مەسیحییەكی تێدا نەمابێت و، لە ئێستاشدا ناگەڕێنەوە چونكە ناوچەكە سەقامگیر نییە، بۆیە ئەو پێكهاتانەش هەست بەو مەترسییە دەكەن .

 

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە باس لەوە دەكات گوایە دەستكاریی نەتەوەی پێكهاتەكانی دیكە و گۆڕینی بۆ نەتەوەی كورد دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، دارا رەشید دەنگۆكەی رەتكردەوە و وتی:" ئەو دەنگە نەشازانە زۆرن كە لێدوانی وا دەدەن، ئەم لێدوانانە خزمەت بە برایەتی كورد و عەرەب و توركمان ناكات، ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە. بە پێچەوانەوە، ئێمە شانازیی بەوە دەكەین كە كەركووك عێراقێكی بچووكە و پێكهاتەكان تێیدا دەژین. لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی هیچ كەسێك لە نەتەوە ناپرسێت و هەموومان لەبەرامبەر ئەرك و مافەكانماندا یەكسانین، هیچ كەسیش ناتوانێت نكۆڵی لە بوونی نەتەوەی كورد و توركمان بكات لە هەرێمی كوردستان".

 

سەبارەت بە هەڵوێست و پلانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشدارییكردنییان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە لە ئەنجوومەنی وەزیران، منیش هێندەی شەڕم لەسەر كورد كرد، ئەوەندەش شەڕم لەسەر توركمان كردووە چونكە زوڵم لەوانیش كراوە. پێمان وایە كەركووك ناوچەیەكی كوردستانییە و هەموو پێكهاتەكان تێیدا دەژین، لە هەولێریش كورد نەتەوەی یەكەمە و توركمان نەتەوەی دووەمە، كولتووری پێكەوەژیان هەیە و، پێمان وایە كوردستان شوێنی كورد و توركمانە، توركمان بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە سكرتێری پەرلەمان لە نەتەوەی توركمانە و، لە حكوومەتیشدا وەزیری توركمان هەیە و ئەوە هەموو ئەو راستیانە دەگەیەنێت كە كوردستان وڵاتی هەمووانە .

 

لەبارەی دواپێشهاتەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو: ئێمە رێگاچارەیەك پێشنیار دەكەین كە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان دەكات بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، پێشتر شەڕی كورد و توركمان بوو كە زوڵمیان لێكرابوو، بەڵام دوای شەڕی داعش برا ئێزدی و مەسیحییەكانیش گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بەسەر ناوچەكانییاندا هاتووە و، ئەو رێگاچارانەی باسمان كردووە لەگەڵ شاندی بەغدا، پێشوازیی لێكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناتوانین بەشداری لە پڕۆسەیەكدا بكەین ئەگەر ئاساییكردنەوەی رەوشی تێدا نەبێت.

 

بەپێی بڕگەی ٤ی ماددەی ٩ی یاسای سەرژمێریی عێراق، پێویستە هەر ١٠ ساڵ جارێك، پڕۆسەی سەرژمێریی ئەنجامبدرێت و دواجار ساڵی ١٩٩٧ سەرژمێریی لە عێراق بەبێ بەشداری هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە و بڕیاریشە لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٠، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجامبدرێت.