هه‌واڵێكی‌ دڵخۆشكه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ بۆ ئه‌م مامۆستایانه‌

22/09/2019 - 09:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی چه‌ند زانیارییه‌ك له‌باره‌ی بینای‌ خوێندنگه‌كان ئاشكرا ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، "حكومه‌ت به‌رنامه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌میشه‌ییكردنی‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ په‌روه‌رده‌".

مامۆستا دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌میانی‌ لێدانی‌ زه‌نگی‌ ده‌ستپێكی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن ڕایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ ڕابردودا 58 بینای‌ خوێندن ده‌ست به‌دروستكردن و پرۆسه‌ی‌ ته‌نده‌رینیان بۆ كرابوو، له‌ئێستادا 20 بینامان ماوه‌ ته‌واو بكرێن 38یان ته‌واو بووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "له‌ناوشاردا كه‌می‌ بینا تاكه‌ كێشه‌ی‌ په‌روه‌رده‌یه‌ له‌سلێمانی‌، هیوادارم حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌م كابینه‌یه‌دا مانگانه‌ ملیار و نیوێك بۆ ته‌واوكردنی‌ بیناكان ته‌رخان بكات، چونكه‌ به‌ته‌واوبونی‌ بیناكان، كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌كۆڵ په‌روه‌رده‌ ده‌بێته‌وه‌و پرۆسه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و پێش ده‌چێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ سه‌باره‌ت به‌مامۆستایانی‌ گرێبه‌ست و وانه‌بێژه‌كان وتی‌:"ساڵانه‌ گرێبه‌سته‌كان تازه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، هیوادارم ئه‌مساڵ گرێبه‌سته‌كان بكرێن به‌هه‌میشه‌یی، دیاره‌ حكومه‌تیش به‌رنامه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ناوشار مامۆستامان زۆره‌، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ كه‌ممان هه‌یه‌، فۆڕمی‌ وانه‌بێژیمان دابه‌شكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سود له‌توانای‌ ئه‌وان ببینین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و میلاكانه‌ی‌ پێویستمان هه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كان زیاتر".