پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی هەناردەی نەوتی هەرێم پێك دەهێنێت

22/09/2019 - 09:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت بۆ بەدواداچوونی هەناردەی نەوتی هەرێم لیژنیەك پێك دەهێنرێت.


غالب محمد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە"وەك لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارمان دا كە لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی راستییەكان دەربارەی هەناردەی نەوتی هەرێم پێكبهێنرێت "


ئاماژەی بەوەشداوە" لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێكی خۆمان ئاراستەی لیژنەی نەوت و وزە و پەرلەمان دەكەین لە سەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ ئامادەكاریش لە سەر یاسای بودجەی 2020"


راشیگەیاندوە" لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی بانگهێشتەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لیژنەی نەوت و وزە، یاسایی و دارایی كرا، وەك لیژنەی نەوت و وزە بریار درا كە بەشداری لە ئەو بانگێشتە نەكەین ، هەتا ئەو كاتەی لیژنەكەمان راپۆرتی خۆی دەدات بە پەرلەمان ئەو كات پێویستی كرد ئەوە بانگێشتی حكومەتی هەریم دەكەین بۆ بەغداد ."