بە بەرچاوی خێزانەكەیەوە خۆی كوشت

22/09/2019 - 10:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پێش ئەوەی خۆی بكوژێ‌، داوای لە باوكی كردبوو بۆی بچێتە خوازبێنیی ئەو كچەی كە خۆشیدەویست، بەڵام باوكی رازی نەبوو. بۆیە بە بەرچاوی ئەندامانی خێزانەكەیەوە دەمانچەی دەرهێنا و گوللەیەكی لەخۆی دا و دەمودەست گیانی دەرچوو.

شەوی 6/9/2019، گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی محەممەد سەركەوت، دانیشتووی گەڕەكی فەیلەق لە كەركووك، بە بەرچاوی ئەندامانی خێزانەكەیەوە خۆی كوشت. محەممەد شاگردی چایخانەیەك بوو لە شەقامی پزیشكانی كەركووك.

موقەدەم زەید عادل، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەرەفە راگەیاند كە هۆكاری خۆكوشتنی ئەو گەنجە بۆ ئەوان روون نەبووەتەوە، چونكە هێشتا ئیفادەیان لە كەسوكاری وەرنەگرتووە. پۆلیس تەنیا پرسیاری چەكەكەیان كردووە، خێزانەكەیشی دەڵێن نە ئەوان و نە محەممەدیش پێشتر چەكیان نەبووە، بۆیە نازانن ئەو چەكەی لە كوێ‌ دەستكەوتووە.

(ئە.ن) هاوڕێی محەممەد دەڵێت: "محەممەد چەند هاوڕێیەكی كەمی هەبوو، وازی لە خوێندن هێنابوو، لە چایخانەیەك كاری دەكرد و كەسێكی تا بڵێی بێ‌ كێشە بوو".

(ئە) دەڵێت بەمدواییە تێبینییان كردبوو هەڵسوكەوتی هاوڕێكەیان گۆڕاوە، بەردەوام دەمبەخەندە بوو، لە جاران زیاتر كاری دەكرد. ئەوان دەیانزانی كە محەممەد كەوتووەتە پەیوەندیی خۆشەویستییەوە، بەڵام هیچی بۆ هاوڕێكانی باس نەكردبوو.

دڵخۆشییەكەی محەممەد بەمدواییە گۆڕابوو، بەردەوام نیگەران دەردەكەوت. (ئە) دەڵێت رۆژێك محەممەدم بینی بە تووڕەییەوە لە ماڵی خۆیان هاتە دەرەوە و بەپەلە رۆیشت، نەمزانی چییەتی، ئەوەندە خێرا بوو فریای نەكەوتم".

محەممەد خالید هاوڕێیەكی دیكەی محەممەدە و ئاگاداری بەشێك لە ژیانی بووە. ئەو دەڵێت: "ماوەی جەند مانگێك بوو لە دوكانێكی نزیك چایخانەكەی محەممەد ئیشم دەكرد، زوو زوو لەلای ئەو چام دەخواردەوە، لەو رێگەیەوە بووین بە هاوڕێی نزیكی یەكدی".

شەوێك محەممەد دڵی خۆی بۆ هاوڕێكەی دەكاتەوە. محەممەد خالید دەڵێت: "باسی خۆشەویستی و هاوسەرگیریمان كرد. محەممەد گوتی من كچێكم خۆشدەوێ‌، خۆشەویستییەكەش راستەقینەیە، هێندە متمانەمان بە یەكدی هەیە، تەنانەت پاسوۆردی فەیسبووكمان لەلای یەكدییە. بەنیازم بە خێزانەكەم بڵێم خوازبێنی ئەو كچەم بۆ بكەن".

محەممەد خالید واز لە كارەكەی دێنێ‌ و ئیدی ئاگاشی لە هاوڕێكەی نامێنێ‌ تاوەكو شەوی 6/9/2019 هەواڵی خۆكوشتنی محەممەد دەبیستێ "سەرەتا باوەڕم نەكرد، گوتم محەممەد شتی وا ناكات، ئەو بەتەمای هاوسەرگیری بوو لەگەڵ خۆشەویستەكەی".

ئەو دەڵێت "محەممەد داوای لە باوكی كردبوو خوازبێنی ئەو كچەی بۆ بكەن، بەڵام باوكی رازی نەبوو، بۆیە خۆی كوشت".

(ئە) قەت لەو باوەڕەدا نەبووە محەممەد خۆی بكوژێ‌ و دەڵێت سەعاتێك پێش ئەوەی خۆی بكوژێ‌، لەگەڵ هاوڕێیەكی چووبوو بۆ بازاڕ مۆبایل بكڕێ‌.

(ئە) گوێی لە دەنگی ئەو فیشەكە بووە كە گیانی لە محەممەد سەند و دەڵێت: "لەبەردەرگا وەستابووم. یەكێك لە دراوسێكانمان هاتە دەرەوە و گوتم: ئەو دەنگەدەنگە چییە لە ماڵی كاك سەركەوت؟ ئەویش گوتی: محەممەد زۆر تووڕەیە و هەر هاوار بەسەر دایك و باوكیدا دەكات. ئێمە لەو قسانەدا بووین، دەنگی تەقە لە ماڵی محەممەد هات، بە پەلە چووینە ژوورەوە و بینیمان محەممەد خۆی كوشتووە".

(ئە) لە ماڵی محەممەد بووە تا ئەوكاتەی پۆلیس گەیشتووەتە ئەوێ‌. كاتێك لە باوك و براكەیان پرسیوە ئەو كوڕە بۆچی خۆی كوشتووە؟ ئەوان گوتوویانە: كچێكی خۆشدەویست، چەند جارێك داوای كرد بچینە خوازبێنی، بەڵام ئێمە رازی نەبووین، بۆیە خۆی كوشت.