وەزارەتی دارایی: پێدانی موچەو چاكسازی دارایی گرنگترین كارمان دەبێت

22/09/2019 - 15:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێدانی مووچە و چاكسازییە داراییەكان لە ئەولەویەتی كارەكانمان دەبێت.

 

ئەحمەد عەبدولڕەحمان گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك پارتی ڕاگەیاند: ئەولەویەتی كاری وەزارەتی دارایی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو خاڵە، یەكەم مووچەیە كە دەبێت لە كاتی خۆیداو بە شێوەی مانگانە مووچە بە مووچەخۆران بدرێت، خاڵی دووەمیش چاكسازیی دارایی و ئیدارەدانی لە هەرێمی كوردستان.

 

هەروەها وتیشی: ئەوان ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ پرۆژە بودجەی ساڵی2020ی هەرێمی كوردستان و لێژنەیەك كاری تێدا دەكات بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا ئامادەبێت.