ئەم ژمارانەی تابلۆ بەخۆڕایی دەدرێنە هاوڵاتیان

22/09/2019 - 15:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پێدانی تابلۆی ئاسایی بەهاوڵاتیانی هەڵەبجە دەستپێدەكات، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگاكەش ڕایدەگەیەنێت، "لەدوای 15 ڕۆژی دیكە هەنگاوەكان جێبەجێدەكەین"، دەشڵیت:"ئەوكەسەی یەكەم فۆڕمی وەرگرتنی تابلۆ پڕدەكاتەوە، ژمارە (10001)ی بەخۆڕایی و بەهەمانشێوەی ژمارە ئاساییەكان پێدەدرێت".

عەمید حەسەن عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕايگەیاند، "بۆ پێدانی ژمارەی تابلۆی ئاسایی بەئۆتۆمبێل، چاوەڕوانی كاری كۆمپانیای دروستكەری تابلۆكان دەكەین كە ڕەنگە نزیكەی 15 ڕۆژی دیكە تەواوبێت، لەدوای تەواوبونیشی ڕاستەوخۆ دەست بەپێدانی تابلۆ دەكەین".


گوتیشی، "لەدوای ژمارە 10 هەزارەوە دەستپێدەكەین، بۆ نمونە ژمارە (10001) دەدەین بەهاوڵاتیان و ئەوكەسانەی داواكاری بۆ وەرگرتنی تابلۆ پێشكەشدەكەن، ئەو كەسەشی یەكەم فۆڕمبێت بەدڵنیاییەوە ژمارە (10001)ی بەخۆڕایی پێدەدرێت".


ناوبراو بۆ تۆڕی سلێمانی ئەوەشی وت:"چاوەڕوانی كارەكانی كۆمپانیاكە دەكەین كە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی كردوە، بۆئەوەی لەهاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجەوە دەست بەپێدانی تابلۆ بكەین، واتە تابلۆی ئەم پارێزگایە تەنها لەهەڵەبجە دەدرێت".