هەنگاوەکانی دانپێدانانی بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌ستیپێكرد

22/09/2019 - 15:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

هەنگاوەکانی دانپێدانانی بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم لە رێگەی دوو لیژنەی تایبەتمەندەوە دەستیپێکردوه‌ و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

عه‌باس ئه‌كره‌م، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا راگه‌یاند: لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا عێراق ژمارە (5164) لە 31ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ كرا کە بڕیاری پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی تایبەتمەندی داوە بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی دانپێدانان بە زانکۆکانی (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، زاخۆ و کوردستان/هه‌ولێر) وەک قۆناغی یەکەم.

وتیشی: "وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی خوێندنی باڵای عێراق پێباشه‌ بۆ ئاساییکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان".

بڕیارە لیژنەکانی حکومەتی عێراق لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سەردانی زانکۆکان بکەن و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هه‌رێم زانکۆکان راسپێردراون بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لیژنە پسپۆڕەکان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی رێککارە پێویستەکان.

به‌ پێی زانیاریه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دانپێدانه‌نانی زانكۆ ئه‌هلییه‌كانی سنووری ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌رێمه‌وه‌، حكومه‌تی عێراق دان به‌ زانكۆ حكومییه‌كانی هه‌رێمدا نانێت.

جه‌مال كه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی ئه‌هلی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندی باڵای هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌ر زانكۆیه‌كی ئه‌هلیی مه‌رجه‌كانی خوێندنی باڵای هه‌رێم جێبه‌جێ بكات، ئه‌وان دانیپێدادەنێن.