بژاردەیەكی نوێ دەخرێته‌ بەردەم هەرێم له‌لایه‌ن عێڕاق

22/09/2019 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەی 2020ی عیراق و شایستەی هەرێم نەكراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت: هەرێم بیان دەبێت نەوتەكەی رادەست بكات، یاخود رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ بەغدا بكات، ئەگەر نا كێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت.

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: هیچ زانیارییەكمان نییە لەسەر ئەوەی هەرێم و بەغدا لەڕێككەوتن نزیكبوونەوەتەوە یان نا، بەڵام هەریەك لە سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە سەردانی هەرێمیان كردووە، داوایان كردووە گفتوگۆو سەردانی وەفدی هەردوولا دەستپێبكات، چونكە لەمانگی (10) گفتوگۆ لەسەر بودجەی 2020ی عیراق دەكرێت.

وتیشی: "هەموو بۆچوونەكان وایە كە حكومەتی هەرێم یان دەبێت رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عیراق بكات، یاخود رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هەردوولا بكرێت بۆ چارەسەركردنی پرسی بودجەو موچە".

ئەو پەرلەمانتارە كوردە بۆ توڕی سلێمانی راشیگەیاند: ئەگەر هەرێم هیچ كام لەو دوو بژاردەیە هەڵنەبژێرێت و دۆخەكە وەك ئێستا بمێنێتەوە، لەساڵی داهاتووەوە كێشە بۆ موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت.