كورد ژمارەیەك پۆستی باڵا لەدەستدەدات ..هۆشداری ده‌رێت

22/09/2019 - 17:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پۆستی پلە تایبەتەكان كە لە(بریكار، ڕاوێژكارو بەڕێوبەرە گشتیەكان) پێكهاتوە لەحكومەتی عیراق یەكلانەكراونەتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش لەئەنجومەنی نوێنەران زانیاری زیاتر ڕادەگەیەنێت، دەشڵێت:"ئەو پۆستانەی پشكی كوردن مەترسی لەدەستدانیان هەیە".

مەریوان نادر نوێنەری كورد لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، "تائێستا چارەنوسی پۆستی پلە تایبەتەكان یەكلانەكراوەتەوە، تا 24ی 10ی ئەمساڵ وادەكە درێژكراوەتەوە كە پۆستەكان بەوەكالەت بەڕێوەببرێن، ئەگەر تا ئەو وادەیە لایەنەكان نەگەنە ڕێكەوتن، مەترسی لەدەسدانیان هەیە بۆ كورد".

وتیشی:"ئەگەر بەیەكەوە لایەنەكان بەتایبەت یەكێتیی و پارتی ڕێكنەكەون، ئەو پۆستانەی پشكی كوردن مەترسی ئەوە هەیە لەدەستیان بدەین، وەك چۆن لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقی بەجیا چوینە ناو دانوستانەكانەوە بەو هۆیەوە بەركەوتەكانمان كەمبۆوە".

ناوبراو بۆ تۆڕی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەگەر بۆ پرسی پۆستی پلە تایبەتەكانیش بەجیا بەشداریی بكەن ئەوا كورد زیانی بەردەكەوێت و بەركەوتەكانی كەمدەبێتەوە، بۆیە پێویستە دانوستانی هاوبەش هەبێت تا بەر لەپڕكردنەوەی پۆستەكان لایەنەكان وەرەقەیەكی هاوبەشیان هەبێت پێشكەشی بكەن بۆ پركردنەوەی پۆستەكان".

سەبارەت بەژمارەی پۆستەكانیش ڕونیكردەوە، كە زیاتر لە400 پۆستە، بەڵام نازانرێت لەكۆی ئەو پۆستانە چەندیان بەر كورد دەكەوێت.