پرۆژەیاسای چاكسازی موچەو خانەنشینی دەنێردرێتە پەرلەمان

22/09/2019 - 18:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پەرلەمانتارێكی كوردستان ژمارەیەك پرۆژەیاسا ئاشكرادەكات كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێن و ڕاشیدەگەیەنێت: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆژەیاسای چاكسازی ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت".

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، "لە ڕۆژانی ئایندەدا پرۆژە یاسای چاكسازی لە موچەو خانەنشینی و یەكەی ژمێریارییەكان دێتە پەرلەمان".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، "لێكۆڵینەوەو بەدواداچونێكی وردمان لەسەر گەندەڵی لە خاڵە سنوریەكان كردووەو خستومانەتە بەردەست لایەنی پەیوەندیدار ، ئێستا وەزارەتی دارایی ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی لێكۆڵینەوەو ئامادەكردنی پرۆژەن بۆ پێداچونەوە بە سیستمی باج و گومرگ".

بەوتەی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ، "بڕیاری هەمواری یاسای وەبەرهێنان هەیە، كە هۆكاری گەندەڵی گەورەبووە لەكوردستان و چەندین كەس بە ناڕەوا كردە ملیۆنێر"، دەشڵێت: "پرۆژەیەكیش بۆ دروستكردنی دامەزراوەیەكی دەرمان بۆ ڕێگری لە بازرگانی ناشەرعی و دەرمانی قاچاخ".