داواكاری گشتی هه‌رێم فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌ركرد

22/09/2019 - 21:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، داواكاری گشتی هه‌رێم فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ركرد كه‌ بێڕێزییان به‌ ئایینی ئیسلام كردبوو.


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلولی 2019) عه‌بدوڵا وه‌رتی، وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و نیشتمانی، سكاڵایەكیان لە داواكاری گشتی تۆمار كردووه‌ لە دژی ئەوانەی سوكایەتی بەرامبەر پیرۆزییەكانی ئایینی ئیسلام دەكەن.

وتیشی: "داواكاری گشتی هه‌رێم وەڵامی داواكارییەكەی ئێمەیان داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ داواكاری گشتی سلێمانی و هەولێریان ئاگادار كردووەته‌وه‌ كە ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن و فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌رچووه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هەندێك كەس و لایەن سوكایەتی بە ئایینی ئیسلام و رەمزەكانی دەكه‌ن، بەڵام ئێمە وەك لایەنێكی سیاسی بە ئەركی خۆمانی دەزانین كە لێی بێدەنگ نەبین و وەك تەواوی حیزبە ئیسلامییەكانیش ئەركمانە كە لەسەر ئەو بابەتانە بێدەنگ نەبین.

ناوبراو داواشی لە پەرلەمانی كوردستان كرد كە كاربكەن بۆ ئەوەی چاودێری رەوشی پێكەوەژیان بكەن و ئەوەی پێی دەڵێن بەیەكەوە ژیان كە هەمووان شانازی پێوە دەكەن بیپارێزین.