سلێمانی... دەستبەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی قاچاغدا دەگیرێت

23/09/2019 - 14:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لەماڵی خاوەنی نۆرینگەیەك دەستبەسەر بڕێكی زۆر دەرماندا دەگرێت كەبەبێ مۆڵەت و ‌بەشێوەیەكی نازانستی لە شوێنی گەرم و رێگەپێنەدراو عەمباری كردووە.‌

 

ئاریان هەورامی سەرۆكی لیژنەی هاوبەشەی تەندروستی رایگەیاند: لەماڵی خاوەن نۆرینگەیەك و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و بەشێوەیەكی ناتەندروست وگەرم بڕێكی زۆری دەرمان عەمباركردووو لە كاتێكدا هەموو ئەو دەرمانانەی لە چارەسەركردنی نەخۆش بەكاردەهێنرێت پێویستە لە پلەیەكی گەرمی دیاریكراودا عەمبار بكرێت كەئەو پلەش لە دەرمانێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت تا زیان بە‌پێكهاتە و گیراوەكانی‌ دەرمانەكان نەگەیەنێت كەلێی دروستكراوە بۆیە بەهەموو شێوەیەك عەمباركردنی دەرمان لە ماڵەوە قەدەغەیە لەكاتی عەمباركردنیدا پێویستە مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت.

 

ئەوەشیخستەڕوو: خاوەن نۆرینگەكە كاوانتەر و ژێرقادرمەی ماڵەكەی خۆی و دایكی بۆ عەمباركردنی دەرمانەكان بەكارهێناوە ئەمەش پێچەوانەی زانستە تەندروستیەكان و یاسا و رێنماییەكانیشە بۆیە پاش وەرگرتنی رەزامەندی خاوەن نۆرینگەكە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی تەندروستییەوە ماڵەكەی پشكنراو دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆردا گیرا.

 

هەروەها وتیشی: بڕێكی زۆر لەو دەرمانانەی دەستی بەسەردا نابێت لە كەرتی تایبەت كڕینی و فرۆشتنی پێوەبكرێت و تایبەتە بەنەخۆشخانەكانی حكومەت بەڵام لەم‌ نۆریگەدا هەبووە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ مامەڵەكردن بەوجۆرە دەرمانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر تەواوی ئەو دەرمانانەدا گیراوە و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

ئەلبوومی وێنەکان