زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو لەبارەی گۆڕینی میکانیزمی دابەشکردنی موچە

23/09/2019 - 15:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن فەرمانبەری ئیتیحادییەوە رونکردنەوە دەدرێت و پەرلەمانتارێکی یەکێتیش لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، میکانیزمی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لەھەرێم ناگۆرێت و دەشڵێت، ئەگەر بەغدا بیر لە ھەنگاوی لەوشێوەیە بکاتەوە مانای ئەوەیە شتێک نامێنێت بەناوی حکومەتی ھەرێمەوە.

حەسەن ئالی پەرلەمانتاری یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند:پرۆژە بودجەی ٢٠٢٠ی عیراق تائێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عیراقەوە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە و چاوەڕواندەکرێت لەمانگی ١٠ی ئەمساڵدا ئەو پرۆژەیە بگاتە پەرلەمان و قسەی لەسەردەکرێت.

رونیشیکردەوە، لەئێستادا سەرۆک وەزیرانی عیراق لەژێر فشاری لایەنە عیراقیەکاندایە لەسەر مەسەلەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەرچۆنێک بێت دەبێت ھەرێم و بەغدا بگەنە رێکەوتن.

راشیگەیاند: ئەو پێشنیازەی کە جارێکی دیکە خراوەتەوەبەرباس کە گوایە حکومەتی فیدراڵ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی دەکات ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لەڕاستییەوە و بەغدا ناتوانێت ھەنگاوی لەو شێوەیە پەیڕەو بکات.

ناوبراو بۆ تۆڕی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر باس لەو پێشنیازە بکرێت و دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری ئیتحادیەوە سەرپەشتی بکرێت ھیچ مانایەک بۆحکومەتی ھەرێم نامێنێتەوە،"بۆیە ئەوەی باسی لێوەکراوە کە دابەشکردنی موچە لەبەغداوە راستەوخۆ بێت و ھەرخۆشیان سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە بکەن و ناتوانرێت کاری لەسەر بکرێت و جێبەجێبکرێت".