شاندێكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوە

23/09/2019 - 16:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەمڕۆ دووشەممە شاندێكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردو لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 23-9-2019 شاندێكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەپێكهاتبوون لە بەڕێزان مامۆستا خەلیل ئیبراهیم سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتوو و خاتوو كەژاڵ هادی و سەیدا بەهزاد زێباری و هیوا حامد ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستا ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردو لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوە.

 

لە میانەی سەردانەكەیاندا بۆ پەرلەمانی كوردستان شاندەكەی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو سەردانی د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و پرسەكانی یاسای چاكسازی و دەستوری هەرێم و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان تاوتوێكرد.

 

دواتر شاندەكەی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو سەردانی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان كرد و گفتوگۆیان لەسەر پرسە سیاسیەكان و پێگەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان كرد.

 

هەر لە درێژەی سەدانەكاندا شاندەكەی ئەنجومەنی سیاسی بە سەرۆكایەتی مامۆستا خەلیل ئیبراهیم سەردانی مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانی كرد و دواتر شاندەكە فراكسیۆنی یەكگرتووشیان لە پەرلەمانی كوردستان بەسەر كردەوە.

 

لە كۆی سەردانەكانی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو بۆ لای سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر گەیشتن بە دەستورێكی تەوافوقی كرایەوە بۆ رێكخستنی ژیانی سیاسی لە هەرێم و پاراستنی پێگەی ئایینی ئیسلام لە دەستوردا.


سەبارەت بە چاكسازی لە هەرێم شاندەكەی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو تەئكیدیان لەسەر ئەنجامدانی چاكسازیەكی ریشەیی و راستەقینە كردوە، هەروەها باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان كرد و رۆڵی پەرلەمانیان بەرز نرخاندن لە پاڵپشتیكردنی پرۆسەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەری كێشەكان بە دیالۆگ و گفتوگۆ .

 

دەربارەی رۆڵی پەرلەمان لە پرسە نیشتیمانی و چارەنووسازەكان شاندەكەی یەكگرتوو دوپاتیان كردەوە كە دەبێت پەرلەمانی كوردستان رۆڵ و شكۆی بەرز رابگیرێت و وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان سەیری بكرێت و رۆڵی راستەقینەی خۆیشی لە پرۆسەی یاسا دانان و چاودێری كردن بەتەواوی بگێڕێت ، هەروەها جەخت كرایەوە لەسەر پاراستنی پێگەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان و هاوكاری و هەماهەنگی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانی هەموو لایەك بێت و خزمەت بە سەرجەم توێژەكانی كوردستان بكات.

ئەلبوومی وێنەکان