وادەیەکى نوێ بۆ فرۆشتنى تابلۆكانی هەڵەبجە دیاریكرا

24/09/2019 - 20:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وادەیەکى نوێ بۆ فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى هەڵەبجە دیاریکرا و پارێزگارى شارەکەش دەڵێت: داهاته‌كه‌یان له‌ 80%ى بۆ پڕۆژه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ (ئەمڕۆ سێشەممە 24ى ئەیلولى 2019) رایگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌ یه‌كه‌م زیادكردنى ئاشكرادا نەتوانرا هیچ تابلۆیه‌ك بفرۆشین، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كماندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بڕیارماندا رۆژى 2019/10/23 له‌ هۆڵى د. مسته‌فا زه‌ڵمى ده‌ستبكه‌ین به‌ فرۆشتنى تابلۆكانى ژماره‌ (1 تا 9) ئه‌وه‌ش له‌ دووه‌م زیادكردنى ئاشكرادا.

وتیشى: له‌ یه‌كه‌م زیادكردنى ئاشكرادا له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ بەشداربووانى زیادكردنه‌كه‌وه‌ بۆ تابلۆى ژماره‌ (1) بڕى 700 ملیۆن دینارمان پێدرا، به‌ڵام ئیمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ زیاتر له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى بفرۆشین و داهاته‌كه‌شیان له‌ 80%ى بۆ پڕۆژه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و له‌ 20%ى دیکەشى بۆ هاتووچۆی هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌رجده‌كرێت.

پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ داواشى له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد، هه‌ر كه‌سێك ئاره‌زوومه‌نده‌ ببێت به‌ خاوه‌نى تابلۆى ژمارە (1 تا 9)ى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌توانێت له‌ سبه‌ینێوه‌ ناوی خۆی تۆماربكات و بارمته‌ى یاسایی له‌گه‌ڵ خۆى بهێنێت.

له‌ یه‌كه‌م زیادكردنى ئاشكرادا كە له‌ هۆڵى بۆنه‌كان به‌ڕێوه‌چوو هیچ ژماره‌یەكى تابلۆى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌فرۆشرا.