د. بەرهەم ساڵح و ترەمپ لەسەر پەیوەندیەكانی بەغداد و واشنتۆن كۆبونەوە

25/09/2019 - 09:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

شەوی رابردوو د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نیویۆرك كۆبووەوە و پەیوەندییە سیاسی و ئابوریەكانی نێوانیان تەوەری سەرەكی گفتوگۆكە بوو.



سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت: شەوی رابردوو د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نیویۆرك كۆبووەوە لە كۆبوونەوەكەدا جەختیان لە گرنگی ئەو گۆڕانكاریانە كردەوە كە لە عێراق روودەدەن لە بوارە جیاجیاكاندا.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: سەرۆككۆماری عێراق ئاماژەی بەسەركەوتنەكان كرد بەسەر تیرۆردا لەڕێگەی دووبارە ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانەوەی عێراق و هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە و بەرجەستەكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.



ووتیشی: سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش جەختی لە گرنگیدانی وڵاتەكەی بە سەركەوتنەكان و رێزگرتن لە سەروەری و ئاسایش عێراق كردەوە هاوكات پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان دووپاتكردەوە.



ئەوەشی خستەڕوو: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهان و پرسە هاوبەشەكان و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا و پەیوەندی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار لە بەردەم كۆمپانیاكانی ئەمریكا كرا بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانی عێراق.