ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوەو هەمواری چەند یاسایەك دەكاتەوە

25/09/2019 - 10:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەمڕۆ چوار شەممە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و لەسەر داوای 29 پەرلەمانتار خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

 

ئەمڕۆ چوار شەممە 25-9-2019 پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و لەسەر داوای 29 پەرلەمانتار خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكات و بەپێی هەموارە نوێكەدا رێگە بە پەرلەمانتاران دەدرێت لە فراكسیۆنەكانیان جیاببنەوە و فراكسیۆنی نوێ دروست بكەن.

 

جەلال محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای نزیك پارتی راگەیاند: بەپێی پێشنیازی هەموارەكە 16 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت كە ئەم گۆڕانكاریانەی تێدا دەكرێت:

- پەرلەمانتار دەتوانێت لە فراكسیۆنەكەی جیاببێتەوە و فراكسیۆنی نوێ دروست بكات
- پەرلەمان دەتوانێت وابەستەی فراكسیۆنەكەی نەبێت
- لیژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان زیاددەكرێت
- لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان زیاددەكرێت
- لیژنەی داكۆكی لەمافی ئافرەت زیاددەكرێت
- یاسایی بوونی دانیشتنی پەرلەمان لە زۆرینەی رەهاوە دەكرێت بە زۆرینە
- دەسەڵاتەكانی لیژنەی یاسایی زیاددەكرێن