به‌غدا بۆ ناردنى موچه‌ی توێژێكی هه‌رێم داواكاری هه‌یه‌

28/09/2019 - 16:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بۆ ناردنى مووچه‌ى نۆ مانگى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق داواى میلاكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى دواى وردبینى مووچه‌كه‌ بنێرێت و هەرێمیش ئامادەیى پیشانداوە.

سه‌میر هه‌ورامى، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هەرێم (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ى ئه‌یلولى 2019) رایگه‌یاند: دوایین جار وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق داواى لیستى میلاك و سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى كردووه‌ كه‌ مانگانه‌ له‌و وه‌زاره‌تە مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

وتیشى: "بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا مووچه‌ى نۆ مانگى پێشمه‌رگه‌ بنێرێت، حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ لیستى میلاك و ژماره‌ى ته‌واوى وردبینكراوان بۆ به‌غدا بنێرێت".

ئه‌و داوایه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ناردنى مووچه‌ى مانگانه‌ى پێشمه‌رگه‌ داوه‌ كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك 68 ملیار دیناره‌ و ماوه‌ى نۆ مانگه‌ نه‌نێردراوه‌.

پێشتر فارس عیسا، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نه‌ناردنى مووچه‌ى مانگانه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، رێكارێكى سیاسییه‌ نه‌ك كارگێڕى.

بەپێى یاساى بودجەى عێراق جگە لە بەشێک لە بودجەى تایبەت بە فەرمانبەرانى هەرێم، پێویستە بەغدا مانگانە 68 ملیار دینار بۆ مووچەى پێشمەرگە بنێرێت.