زانیاری نوێ لەسەر پشكی هەرێم لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراق لەكوردیو بزانە

30/09/2019 - 10:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت: تاوەكو ئێستا پشكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 دیاری نەكراوەو بەغدا چاوەڕێی ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم دەكات.


د.جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە كوردیو ڕاگەیاند: لە ئێستادا پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 لە وەزارەتی دارایی عێراقە، وەزارەتی دارایی دەیەوێت لەسەر پشكی هەرێم گفتوگۆ بكات و لە پرۆژە یاساكەدا جێگیری بكات.


هەروەها ووتیشی: لەدوای ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم كراو پشكی هەرێم دیاری كرا، پرۆژە یاساكە دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران، دوای 15 ڕۆژێك ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە یاساكە دەنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: تاوەكو ئێستا پشكی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 ی عێراق دیاری نەكراوە تاوەكو ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بكەین و ڕایی خۆمان وەك نوێنەری كورد بڵێین.


د.جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەشكرد: چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لە گەڵ ڕاوێژكاری وەزیرای دارایی عێراق گفتوگۆم لەسەر پرۆژە یاساكەو پشكی هەرێم كرد، ڕاوێژكاری وەزیرای دارایی پێی ووتم تائێستا هیچ قسەیەك نەكراوە، چەندجار وتومانە با گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێم بكەین، لە وەڵامدا پێیان ووتوین با بمێنێت بۆ دواتر، تاوەكو گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا بگاتە ئەنجامێك.