تایبه‌ت به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران..به‌غدا و هه‌رێم رێكده‌كەون

30/09/2019 - 21:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وه‌زیری ناوخۆی حکومەتی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆكین له‌سه‌ر ئەوەی كە نابێت دەست بۆ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان ببرێت و نایشبێت پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببرێته‌ ناو گفتوگۆكانه‌وه‌. ئیراده‌یه‌كی باش له‌ هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن".

هه‌فته‌ی رابوردوو شاندی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری دارایی عێراق له‌سه‌ر تێبینییه‌كانی هه‌رێم دەربارەی بودجه‌ی 2020ی عێراق كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ راگه‌یاندراوێك، لەكاتی خۆیدا ورده‌كاریی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاشكرانه‌كرا.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا ، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئه‌ندامی شاندی باڵای هه‌رێم بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، دەڵێت:"هەردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا كۆكین لەسەر ئەوەی كە نابێت دەست ببرێت بۆ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان و نایشبێت ئەم پرسه‌ ببرێته‌ ناو گفتوگۆكان، لەبەرئەوەی مووچە مافێكی دەستوریی خەڵكە و حكومەتی عێراق لە هەرێم و پارێزگاكانی عێراق كارمەندی هەیە و بەپێی دەستور دەبێت مووچەیان دابینبكەن، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیانە كە ئەو مافە دەستورییەیان بۆ دەستەبەر بكرێت".

وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم بۆ گۆڤاری گوڵان  وتیشی :"ئێمە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە ناكەین، بەڵكو گفتۆگۆ دەكەین بۆ ئەوەی كێشەكانی دیكە چارەسەر بكەین. ئێمە ئیرادەیەكی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەمان ئیرادەیش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بوونی هەیە، لەمەیش زیاتر ئێستا ستافێكی باش لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە، بۆیە گەشبینین بەو ئیرادەیە و مەزندە دەكەم دەستكەوتی باشیشی هەبێت".