گۆرانكاری لە شێوازی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان دەكرێت

01/10/2019 - 08:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بەرپرسێكی باڵای خانەنشینی ئاشكرای دەكات، شێوازی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بە ئەلیكترۆنی دەكرێت و وەكو ئێستا نامێنێتەوە. 

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئێستا حكوومەت و وەزارەتی دارایی خەریكی جێبەجێكردنی میكانزمێكن كە بەهۆیەوە گۆڕانكاری دروست دەكات لە شێوازی دابەشكردنی مووچە، گوتی:" سیستەمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی گۆڕانكاری بەسەردادێت و دەكرێتە ئەلیكترۆنی".

روونی كردەوە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی داهاتوو سیستەمەكە بچێتە واری جێبەجێكردەوە، گوتیشی: "لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو سیستەمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بە ئەلیكترۆنی دەكرێت، لە رێگەی كارتێكی زیرەك مووچەكە دابەش دەكرێت،هەر خانەنەنشینێك لە هەر بانكێك بیەوێت لە هەر شارێك بێت دەتوانێت مووچەكەی وەربگرێت".

جەختی كردەوە لە رێگەی ئەو میكانیزمە كێشەی قەرەباڵغی و نۆرەگرتن و وەستان لەبەر خۆرەتاو و سەرما كۆتایی پێ دەهێندرێت و ئاسانكاری دەبێت بۆ خانەنشینان، گوتیشی: "ئەو سیستەمە بە جۆرێكە كەوا بانكەكان بە ئینتەرنێت و ئەلیكترۆنی پێكەوە دەبەسترێنەوە، دواتر لە رێگەی كارتێكەوە كە هەركەس كۆد و زانیاری خۆی دەبێت مووچەكە دابەش دەكرێت".

بەپێی زانیاری وەزارەتی دارایی، لە كوردستاندا 244 هەزار كەس مووچەی خانەنشینی سەربازی و شارستانی وەردەگرن،كەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە و زۆرترینی 6 ملیۆن دینارە.

حازم ئیسماعیل، به‌باسی وتوه‌: بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكارە سودێكی زۆر لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری مووچە وەردەگیرێت، چونكە زانیاری هەموو خانەنشینانی تێدایە.

ئەو پێیوایە ،لە رێگەی چەند یاسا و رێنماییەك بڕیاروایە مووچە و گوزەرانی خانەنشینان باشتر بكرێت و خانەنشینی شایستە و ناشایستە لە یەكتر جیا بكرێنەوە،گوتیشی: " كابینەی تازەی حكوومەت زۆر جددیە لەسەر باشكردنی گوزەران و مووچەی خانەنشینان ، هەوڵێكی باشی حكوومەت دەستی پێكردووە مووچەی ئەو خانەنشینانە زیاد بكرێت كە مووچەیان كەمە".

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین  پێیوایە مووچەی خانەنشینان و چاكسازی كردن لەو بوارە پێویستی بەوە هەیە یاسای باشی بۆ دەربكرێت و رۆتینانی بەردەم دابەشكردنی مووچەش هەڵبگیرێت.