نوێترین زانیاری له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ ساڵی داهاتوو

01/10/2019 - 10:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وه‌زیری ناوخۆی حکومەتی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: "له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆكین له‌سه‌ر ئەوەی، كە نابێت دەست بۆ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان ببرێت و نایشبێت پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببرێته‌ ناو گفتوگۆكانه‌وه‌"، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئیراده‌یه‌كی باش له‌ هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن".

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ و ئه‌ندامی شاندی باڵای هه‌رێم بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا  رایگه‌یاندووه‌: "هەردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا كۆكین لەسەر ئەوەی كە نابێت دەست ببرێت بۆ قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان و نایشبێت ئەم پرسه‌ ببرێته‌ ناو گفتوگۆكان، لەبەرئەوەی مووچە مافێكی دەستوریی خەڵكە و حكومەتی عێراق لە هەرێم و پارێزگاكانی عێراق كارمەندی هەیە و بەپێی دەستور دەبێت مووچەیان دابینبكەن، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیانە كە ئەو مافە دەستورییەیان بۆ دەستەبەر بكرێت".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌: "ئێمە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە ناكەین، بەڵكو گفتۆگۆ دەكەین بۆ ئەوەی كێشەكانی دیكە چارەسەر بكەین".

ناوبراو له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان وتویه‌تیشی: "ئێمە ئیرادەیەكی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەمان ئیرادەیش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بوونی هەیە، لەمەیش زیاتر ئێستا ستافێكی باش لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە، بۆیە گەشبینین بەو ئیرادەیە و مەزندە دەكەم دەستكەوتی باشیشی هەبێت".