عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا به‌ سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستانی هه‌ڵبژێردرا

01/10/2019 - 12:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكانی بەشدار لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی دەستیپێكرد و عەبدولڕەحمان مستەفاش پارێزگاری پێشوتری كەركوك وەكو سەرۆكی لیستەكە هەڵبژێردرا.

لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكانی پێكهێنەری هاوپەیمانیی كوردستانی دەستیپێكرد و عەبدولڕەحمان مستەفا بە سەرۆكی لیستەكە هەڵبژێردرا و بڕیارە لۆگۆی تایبەت بە هاوپەیمانێتییەكەش دەستنیشانبكرێت.

لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا 13 حزبی سیاسیی بەشدارن و پێویستە تا رۆژی 5ی ئەم مانگە سەرۆك و رێگەپێدراوی یاسایی لیستەكە و لۆگۆی تایبەت بە هاوپەیمانێتیی كوردستانی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی نێو كۆبونەوەكە، لایەنە كوردستانییەكان رێككەوتون عەبدولڕەحمان مستەفا وەكو كەسایەتییەكی بێلایەن بكەنە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، خودی خۆیشی لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئامادەیە و بەشدارە لە وتووێژەكاندا.

بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 1-4-2020 ئەنجامبدرێت. لایەنە كوردستانییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتون لە سنوری ناوچە جێناكۆكەكاندا بە لیستی هاوبەش بەشداریی پرۆسەكە بكەن.