لەسلێمانی 10 هەزار نەمام دەڕوێندرێت

01/10/2019 - 13:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی



سەندیكای مۆلیدە ئەهلییەكان بە هاوكاری بەرێوبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی نزیكەی 10 هەزار نەمامی گرانبەها و ژینگە دۆست لە سلێمانی دەنێژێت.


تارق سەمین سەرۆكی سەندیكای مۆلیدە ئەهلییەكان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی هەوڵی تەواویان داوە بەپێی رێنماییە ژینگەییەكان مۆلیدە ئەهلییەكان كار بكات، وەكو نەریتی ساڵانەیان هەڵمەتی نەمام ناشتن لە باخچە و شوێنە گشتییەكان ئەنجام دەدەن و لەم ساڵیشدا بە هاوكاری باخچەكانی سلێمانی بڕی (10) هەزار نەمامی ژینگەدۆست دەڕوێنن.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەش لە پێناو سەوزكردنی شارەكەمان و وەكو پاڵپشتییەكیش بۆ هەوڵەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كە لە پێناو پاكڕاگرتنی ژینگەدا دەیدات.

 

لەهەمان كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی سەرەڕای ئەوەی دەستخۆشی لە سەندیكای مۆلیدە ئەهلییەكان كرد بەوەی كە هاوكاری حكومەتن لە دابینكردنی كارەبا بۆ هاوڵاتیان و مەرج و رێنمایە تەندروستی و ژینگەییەكانیان جێبەجێ كردووە، بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییانە دەبن بە پاڵپشتی هەوڵەكانی حكومەت بۆ پاكراگرتنی ژینگەی شار و بەخشینی سیمایەكی جوانتر بە سلێمانی.