حکومەت گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکان دەکات

02/10/2019 - 11:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ماوەیەکی زۆرە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن و داوای دامەزراندن دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی دامەزراندنیان نەدراوە. بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنیان بکات.

 

به‌ پیی زانیاریه‌كان وا بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دامەزراندنی سێ ‏یەکەمەکانی گشت زانکۆ حکومییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016‏‎ ‎و پاراستنی بەڵگەنامە فەرمییەکان لەلایەن فەرمانبەرانی حکومەت دەکات‎ .

 

تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە:

 

- جەختکردنەوە لە پاراستنی بەڵگەنامە فەرمییەکان لەلایەن فەرمانبەرانی حکومەت.

 

- بابەتی قەرز و پابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

- دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران.

 

سێ ساڵە نزیکەی چوار هەزار یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان دانەمەزراون. ساڵی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا تەنیا دوای دامەزراندنی هەزار و 369 دەرچووی ساڵی 2015ـی کردووە. 

 

ساڵانە زیاتر لە هەزار و 300 کەس وەکو سێ یەکەمی بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەردەچن و ژمارەیان دەچێتە سەر ژمارەی هەزاران دانەمەزراوی ساڵانی پێشوو. توانا و شوێنی زانکۆ و پەیمانگەکانیش بۆ وەرگرتنیان کەمتر دەبێت.