“ئەمریکا سێجار داواکاریی عه‌بدولمه‌هدى بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ تره‌مپ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌”

02/10/2019 - 12:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ماڵپەڕى ئیندیپێندنتى عه‌ره‌بى بڵاویکردەوە، كۆشكى سپى داواكاریی عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ دیدارى تره‌مپ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق خه‌ریكه‌ ده‌ستبه‌رداریى ئه‌مریكا ده‌بێت، بۆ دورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى له‌سه‌ر كارلابردنیشى له‌ ئێران نزیكبووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى ڕابردووه‌وە كه‌وتووه‌ته‌ تۆمه‌تباركردنى ئیسرائیل.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکى ماڵپەڕەکە کە پشتى به‌زانیارییه‌كانى سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ عێراقه‌وه‌ به‌ستووه‌، كۆشكى سپى سێجار داواكارى عه‌بدولمه‌هدى بۆ دیدارى تڕه‌مپ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ و ئیداره‌ى تره‌مپ له‌ ئێستادا مامه‌ڵه‌یه‌كى جیاواز له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن و به‌نزیك له ‌ئێرانى ده‌زانن.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌ى ئاشكراکردووە، كۆشكى سپى له‌عه‌بدولمه‌هدى توڕه‌ن به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌كاتى سه‌رهه‌ڵدانى گرژییه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق شانبه‌شانى به‌ره‌ى ئێران وه‌ستاوه‌.

 

هه‌فته‌ى ڕابردووش سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌په‌راوێزى كۆبونه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌گه‌ڵ تڕه‌مپ ده‌ركه‌وت، لەکاتێکدا عه‌بدولمه‌هدى له‌وڵاتى چینه‌وه‌ به‌واژۆكردنى گرێبه‌ستى ئابورى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌عێراق ده‌گه‌یه‌نێت سه‌رقاڵ بوو.