ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ی ئافره‌تانیان ده‌كرد ده‌ستگیركران

02/10/2019 - 16:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

چوار كه‌س له‌وانه‌ ده‌ستگیركران كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه ‌و ڤیدیۆى رووتیان له‌ ئافره‌تان ده‌ركرد، پۆلیسى هه‌ولێریش ده‌ستگیركردنى چه‌ند كه‌سێكى دیكه‌ى له‌سه‌ر هه‌مان كێشه‌ راگه‌یاند.

فه‌رمان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى دژى ئافره‌تان له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: چوار كه‌س له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ و ڤیدیۆى رووتى كچان و ژنان، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و دراونه‌ته‌ دادگا.

وتیشى: "كه‌یسەکانیان له‌ دادگایه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌و كه‌یسانه‌یش‌ زۆربه‌ى جاران ئافره‌ت زه‌رمه‌ندى سه‌ره‌كى ده‌بن".

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى دژ ئافره‌تان له‌ رێگه‌ى هێڵى گه‌رمى 119 و دابینكردنى پارێزه‌رى خۆبه‌خشه‌وه‌ هاوكاریى ئه‌و كچ و ژنانه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ و ڤیدیۆى رووتیان لێده‌كرێت.

به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌، به‌هۆى دابینكردنى ئەو هێڵەوە سكاڵا تۆماركردن له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ زۆر زیادبووه‌.

لاى خۆیەوە عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: چه‌ند باندێک كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س پێكهاتبوون ده‌ستگیرکراون، وێنه‌ی نه‌شیاو و ڤیدیۆى تۆمارکراوی خه‌ڵکیان له‌لا بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌یان كردووه‌. 

وتیشى: "كه‌یسى له‌و شێوه‌یه‌ زۆربووه‌ و رۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌ستگیرده‌كرێن".