سلێمانی... لەمانگی‌ ڕابردودا 1212 تۆمەتبار بەتۆمەتی جیا دەستگیركراون

02/10/2019 - 17:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەمرۆ بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ئاماری‌ كاروچالاكییەكانی‌ خستەڕوو.

 

نەقیب سەركەوت بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاند: تۆمەتبارێك كە فەرمانی‌ دەستگیركردنی‌ هەبو بەتۆمەتی‌ بردنی‌ ٣٩ دەفتەر دۆلاری‌ هاوڵاتیان‌و ساڵێك بوو هەڵهاتبوو بۆ دەرەوەی‌ هەرێم پاش گەڕانەوەی‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ چاودێریكردنی‌ توانرا لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە دەستگیربكرێت‌و لەئێستادا بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر بەندە.

 

هەروەها ووتیشی‌: هێزەكانی‌ پۆلیس لەماڵێكدا لەشاری‌ سلێمانی‌ ژمارەیەك تۆمەتباریی‌ ژن‌و پیاویان دەستگیركردووە كە ماددەی‌ هۆشبەریان بەكارهێناوەو كاری‌ بەدڕەوشتیان كردووە.

 

رونیشیكردەوە: كە مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماوە باندێكی‌ شەش كەسیان دەستگیركردووە كە سەرقاڵی‌ هێنانی‌ دراوی‌ ئەمریكی‌ ساختەبون لەشارەكانی‌ باشورو ناوەراستی‌ عێراقەوە بۆ شاری‌ سلێمانی‌‌ و ساخكردنەوەی‌ لەناو بازاردا.

 

ئاماژەی بەوەشدا: تۆمەتبارێك دەستگیركراوە كە كۆمەڵێك مستیلەی‌ گرانبەهای‌ زیوی‌ دزیوە ، لەگەڵ 1700 دۆلاری‌ ئەمریكی‌ لەناو بازاردا، هەروەها سێ تۆمەتبار دەستگیركراون بەتۆمەتی‌ هەڕەشەكردن لەچەند دوكاندارو بەڵێندەرو بازرگان كە داوای‌ سەرانەیان لێكردون.

 

ئەوەشیخستەڕوو: چوار تۆمەتبار دەستگیركراون بەتۆمەتی‌ دزیكردن لەفامیلی‌ مۆڵ‌و نەخۆشخانەی‌ بەخشین‌و چەند ماركێتێكی‌ شاری‌ سلێمانی و سێ تۆمەتبار دەستگیركراون كە لەهۆڵەكانی‌ لەشجوانی‌‌و چەند گەڕەكێك موبایلیان لەهاوڵاتیان دزیوە.

 

ڕاشیگەیاند: پاش چاودێریكردن‌و پێدانی‌ زانیاری‌ لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەهێزەكانی‌ پۆلیس، 12 ئافرەت لەچەند گەڕەكێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دەستگیركراون بەتۆمەتی‌ بەدڕەوشتی و كۆی گشتی لەمانگی‌ ڕابردودا 1212 تۆمەتبار بەفەرمانی‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددە یاساییە جۆراوجۆرەكان دەستگیركراون