هه‌ڵه‌دنی: له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای چاكسازی لای حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان رای جیاواز هه‌یه‌

03/10/2019 - 09:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئاشكرایده‌كات: له‌ناو پارته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا رای جیاواز له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی دروستبووه‌ و كادرانی حزبی كه‌ موچه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرن، وتویانه‌ چۆن موچه‌ی ئێمه‌ ده‌بڕن.؟

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای چاكسازییه‌وه‌ كه‌ ئێستا لای حكومه‌ته‌ و پێویستبوو مانگی رابردوو بگه‌ڕێندرایه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مان، ئاشكرایكرد، له‌ناو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا رای جیاواز له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ دروستبووه‌، كادرانی حزبی كه‌ موچه‌ی حكومه‌ت وه‌رده‌گرن كاربه‌ده‌ستانی حزبه‌كانیان بینیووه‌ و وتویانه‌ "چه‌ندین ساڵه‌ كادری ئێوه‌ین، چۆن موچه‌كانمان ده‌بڕن؟".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كگرتوو، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌ت دراوه‌ به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتن بكرێت تا موچه‌ی ئه‌و كادره‌ حزبیانه‌ ده‌ستكاریی نه‌كرێت.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی گومانیشی هه‌بوو ویست و ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وه‌ی چیدیكه‌ بندیوار و موچه‌خۆری حزبی له‌سه‌ر حكومه‌ت موچه‌ وه‌رنه‌گرن، پێشی وایه‌ "پرۆژه‌یاسای چاكسازی به‌ نیوه‌ناچڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان و ماسییه‌ بچوكه‌كان ده‌گرن نه‌ك ماسی و دزه‌ گه‌وره‌كان".