جەعفەر ئیمینكی: خۆپیشاندانەكانی عێراق دەستی دەرەكی لەپشتە

03/10/2019 - 10:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


جێگری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستا ن و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت: پێدەچێت خۆپیشاندانەكانی عێراق زیاتر دەست و پاڵنەری دەرەكیی و ئامانجی دەرەكیی لە پشتەوە بێت.


جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستا ن و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: پێدەچێت خۆپیشاندانەكان، كە بەرەو فراوانتربوون دەچێت و لەسەرەتاوە بەتوندوتیژیی دەستیپێكرد، زیاتر دەست و پاڵنەری دەرەكیی و ئامانجی دەرەكیی لە پشتەوە بێت و ئەمەش دیارە لە بەرژەوەندیی هیچ كام لە دوو لایەنە سەرەكییەكەی ململانێیەكان لەعێراق نابێت.


ئەوەشی خستەڕوو: رووخان یان كەوتنی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە بەرژەوەندیی هیچ كام لە ئەمریكا و ئێران نییە، ئەوەش لەبەر هۆیەكی زۆر سادە، لە حاڵەتی روودانی ئەوەدا زۆر قورس دەبێت حكوومەتێكی تەوافوقیی نوێ درووستبكرێت.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: پێمان وایە پاڵنەرەكانی پشت ئەم خۆپیشاندانانە، لەپێناو زەمینەسازیی، پێدانی رەوایەتی سیاسیی و پەردەپۆشكردنێكە بۆ ئەگەری كودەتایەكی سەربازیی.