محمود سه‌نگاوی باسی رێگه‌ لێگرتنه‌كه‌ بۆ هه‌ولێر و مه‌سعود بارزانی ده‌كات

03/10/2019 - 16:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌ یه‌كه‌مین لێدوانی دوای رێگری لێكردنی به‌وه‌ی بچێته‌ هه‌ولێر مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایده‌گه‌یه‌نێت مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی هەرکارێکی خراپیش بکات سەرکردەیەکی کوردە.

 مەحمود سەنگاوی له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆیی كه‌ له‌تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وبه‌ یەکەم لێدوانی ناوبراو دێت دوای رێگری لێكردنی لە بازگەی سماقۆڵی كه‌ بچێتە هەولێر، رایگەیاند، لەو رۆژەدا زۆر لەسەرخۆ بووە و هەرکەسێکی تر بوایە دوور نەبوو شەڕی ناوخۆ دروستبوایە و ئۆباڵی شەڕێکی لەو جۆرەش لە ئەستۆی مەسعود بارزانی دەبوو.

 سەنگاوی کە رێگری کردنەکەی بۆ رەخنەکانی پێشتری خۆی لە بارزانی دەگێڕێتەوە، رایگەیاند، دوو رۆژ بەر لەوەی رێگری لێبکرێت، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، داوای لە مەسعود بارزانی کردوە، وەک پیاوێکی گەورە کێشەکانی هەرێم و ناوچەکە چارەسەربکات، بەڵام بارزانی لە وەڵامدا وتبووی، کە پیاوێکی بچوکە و پیاوی بچوک کاری گەورەی پێناکرێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ قسه‌یه‌كی پێشوتری من كه‌ له‌بیری نه‌كردبوو.

 لەبەشێکی تری قسەکانیدا، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوە کردووە، کە پارتی پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە کە لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت واژۆی کردووە.