ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئاڵۆزیەكانی عێراق، كاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت

04/10/2019 - 11:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لەمیانەی كۆبونەوەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ ڕێكخستنەكان و ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكگرتوو، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو ئاڵۆزیانەی كە لە عێراقدا ڕوودەدەن تاوەكو ئێستا كۆتایەكەی نا ڕوونەو كاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت، چونكە حكومەتی هەرێم موچەی لە بەغداوە بۆ دێت، ئەگەر بێت و دۆخەكە لەدەست دەربچێت ئەوا مەترسی لەسەر موچەی هەرێم دەبێت، بۆیە پێویستە بەرپرسانی هەرێم مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەو دۆخەدا بكەن.


هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ووتیشی: بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەر ِاست كە عێراق و هەرێمی كوردستان نزیكن لە هاوكێشە سیاسیەكانی، ڕەوشەكە چاوەڕوانی خراپتری لیدەكرێت، وە وڵاتە دەستڕۆیشتوەكان لە ناوچەكە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان كاریان كردووە، كاریگەری ئەو خۆپیشاندانە لەسەر ئەو بەرژەوەندیانە دەبێت.


سەبارەت بە كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ووتیشی: ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرە بەردەوامی هەیە، هیوامان وایە كۆنگرە ببێتە خاڵی سەرەكی پێكەوە ژیان و گەشانەوەی زیاتری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەجدی كار لەسەر خاڵە بەهێزەكان و خاڵە لاوازەكان دەكەین بە برایەتی و پێكەوە گونجان یەكگرتوو جوانتر دەكەین.