پارتى هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ و لادانى عادل عه‌بدولمه‌هدى ئاشكراكرد

05/10/2019 - 12:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (5-10-2019) ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فڕاكسیۆنی پارتی دیمكراتی كوردستان ئاشكرایكرد ، بڕیاری له‌كارلادانی (عادل عه‌بدولمه‌هدی ) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی له‌ پۆسته‌كه‌ی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌و حكومه‌ته‌ش دوایین ده‌رفه‌ته‌ بۆ رزگاربوونی عێراق .
رێبین سه‌لام په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند :" ئه‌مڕۆ بایكۆتی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ین ، چونكه‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ پشتوانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانن ، تاكو عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆسته‌كه‌ی دووربخرێته‌وه‌ " .
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد " تاكو ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی رۆڵی خۆی نه‌بینیوه‌ ، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی دروستیان كردووه‌ ، عادل عه‌بدولمه‌هدیش به‌رپرسیاریه‌تی دۆخی ئێستای خراپی وڵات هه‌ڵناگرێت " .
روونیشیكردووته‌وه‌ " سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستای عێراق كێشه‌ی زۆری پێش خۆی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و كێشانه‌ش خۆیان له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق ده‌بیننه‌وه‌ " .
دووپاتیشیكرده‌وه‌ " پارتی دیموكراتی كوردستان پشتوانی عادل عه‌بدولمه‌هدی و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ تێبپه‌ڕێنێت ، دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانیش دۆخێكی بێ سه‌روبه‌ری و نائارامی و ناسه‌قامگیری له‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق دروست ده‌كات " .
جێگه‌ی باسه‌ دوێنێ هه‌ینی ، موقته‌دا سه‌دڕی سه‌رۆكی ته‌یاری سه‌دڕ داوایكرد ، عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی عێراقی دووربخرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی عێراقییه‌كان نه‌ڕژێت .