پەرلەمانتارێك: حكومەتی هەرێم خۆی لە یاسای چاكسازی بێدەنگ كردووە

06/10/2019 - 09:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت: نزیكەی سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی هیچ چاكسازیمان نەبینیوە حكومەت خۆی لە یاسای چاكسازی بێدەنگ كردووە.


سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: نزیكەی سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو حكومەتەی كەباسی لەچاكسازی دەكرد و كردبوویە ستراتیجیەتی كاری لەپێشینەی پەرلەمانیش بەسەرجەم فراكسیۆنەكانەوە باسیان لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای چاكسازی دەكرد، ئەم پرۆژەیاسایە بوبوە وتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.


ئەوەشی خستەڕوو: مانگێك زیاترە وەرزی یاسادانان دەستی پێكردۆتەوە حكومەت خۆی بێدەنگ كردووەو سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانیش هیچ هەڵوێستێكیان نییەو خەڵكی كوردستانیش هەرچاوەڕوانن یاسای چاكسازی بێتە پەرلەمان.


ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو یەكەم فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بووین لەپەرلەمان كە ئەم پێشنیازەمان دایە سەرۆكایەتی پەرلەمان، چونكە هەر ئەو پرۆژەیە ئەگەر ببوایەتە یاسا كێشەی فرە مووچەیی و بندیوار و خانەنشینی نایاسایی چارەسەر دەكردو و نزیكەی 100ملیار دیناری دەگەڕاندەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.


هەروەها ووتیشی: دەبوایە حكومەت لەپەرلەمان زیاتر هەوڵی بۆ دەركردنی ئەم یاسایە بدایە وەبڕیاربوو لە وەرزی پایزەی یاسادانان پەرلەمان كاری لەپێشینەی گفتووگۆی پرۆژەیاسای چاكسازی بوایە.